هۆکاری براوەی ڕۆمانی (بەرەو ڕێگەی درەوشانەوە)
🥇براوەی خەڵاتی نووسیار لە بواری ڕۆمان: کیاکسار ئەحمەد بۆ ڕۆمانی: (بەرەو ڕێگەی درەوشانەوە)
ئارام محەمەد
(به‌ره‌و ڕێگه‌ی دره‌وشانه‌وە) کارێکی جیاواز و سەرنجکێش بوو بۆ من، هۆکارەکەیش پێوەندی بە باکگراوندی نووسەرەوە هەیە، کە بەشێوەیەکی ورد و شارەزایانە، لە چوارچێوەی گێڕانەوەدا، بابەتێکی گرنگ و تەکنیکێکی سەرنجڕاکێشی بۆ تێکستەکە هەڵبژاردووە. نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه، کارێکی کردوە کە خوێنه‌ر دوای خوێندنه‌وه‌ی تێكسته‌كه، بكه‌وێته ڕامان و بیركردنه‌وه، هەست بە جۆرێک مەستی بکات و بكه‌وێته سۆراغی چه‌ند پرسیارێك، له‌هه‌مووی گرنگتر، ئه‌وه‌یه له پاڵ ترسناكی تراژیدیای مه‌رگ، هیوا و جوانیه‌ك هه‌یه، كه مه‌رگ به‌س ونبوونی جه‌سته‌یه.
له‌م تێكسته‌دا گێڕانه‌وه له ئاستێكی جێگیردا نییه، له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپێشچوونی ڕووداوه‌كان گێڕانه‌وه‌ش گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت، یان ده‌كرێت بڵێن، له‌گه‌ڵ هه‌ر ڕووداوێكدا ئاستی گێرانه‌وه، ستایلی گێرانه‌وه ده‌گۆڕێت. گێڕانەوە لە هه‌ندێ شوێن خاو ده‌بێته‌وه و له هه‌ندێ شوێن خێرا، كاره‌كه وه‌ك ئه‌وه‌یه گۆڕانكاری و ڕووداوه‌كان له‌گه‌ڵ خێرا لێدانی دڵ په‌یوه‌ست كرابن.
زمان له ڕۆمانه‌كه‌دا یه‌ك فۆڕمی نییه. له‌و به‌شانه‌ی، كه خوێنه‌ر ده‌چێته كه‌شی تایبه‌تی ڕۆح و بیركردنه‌وه، ئاهه‌نگی ئاشتبوونه‌وه تێكه‌ڵبوون له‌گه‌ڵ سروشت تا ئاستی توانه‌وه، تا ئاستی بزربوون، ڕووبەڕووی زمانێکی ڕوون و سادە، بەڵام قووڵ لە مانا دەبینەوە.
له‌گه‌ڵ ڕۆشنایی و دواتر ده‌ركه‌وتنی گورزێك ڕووناكی و پاشان گۆڕانی بۆ دره‌وشانه‌وه‌ی ئه‌به‌دی، گێڕانەوەیەکی پەخشانیی جوان، خوێنه‌ر تێكه‌ڵی ئه‌و دره‌وشانه‌وه ڕۆحییه ده‌كات، كه نووسه‌ر له ڕێگه‌ی هه‌ڵاتن و گه‌ڕانه‌وه بۆ سرووشت و ئاشبوونەوە لەگەڵ جیهانی ڕۆح به‌رجه‌سته‌ی كردووه.
لەپاڵ ئەم زمانەدا مامەڵە لەگەڵ فۆڕمێکی دیکەی زمان و گێڕانەوە دەکەین، کە لە ژیانێکی تەنگ و تاریک و پڕکێشەدا بەکارهێنراوە.
زمانیش هاوشێوه‌ی گێڕانه‌وه، له‌گه‌ڵ لێدانی دڵ په‌یوه‌ست كراوه. له‌و به‌شانه‌ی چیڕۆكێكی واقیعی ده‌خوێنینەوە، ژیانی ئێستامانه، له‌و به‌شانه‌ی به‌ره‌و ڕێگه‌ی دره‌وشانه‌وه ده‌ڕۆین، هه‌ست به فڕین ده‌كه‌ین، خه‌یاڵ باڵ ده‌گرێت و ڕۆح ده‌كه‌وێته سه‌ما، (شامان) له‌و ئاهه‌نگه‌دا وه‌ك نێوه‌ندگیر و ڕێنیشانده‌ر، ڕۆح له شوێنێكی داخراو و پڕ به‌ربه‌ست ئازاد ده‌كات، ئیتر مرۆڤ چیتر به‌دیار دیواره‌كانه‌وه دانانیشێت و له‌گه‌ڵ ئازادییه‌كی ئهزموونهكراو و ناوازه‌دا مه‌ست ده‌بێت.
ئایدیای پشت تێكسته‌كه، بابه‌تێكی گرنگ و فره‌جه‌مسه‌ره، به‌تایبه‌ت له‌م دۆخه‌ی ئێسته‌ی مرۆڤایه‌تی، كه پرسیار كه‌وتووه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی ئیتر ئەوەیە دنیا، ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه مرۆڤ چییه و چۆن به‌ر ئه‌و واقیعه ده‌كه‌وێت. چۆن مرۆڤ به شه‌ڕابی سروشت مه‌ستی ژیان بكرێت و دواتر دزە بکاتە مەملەکەتی ڕۆح، ئایا ئه‌و شه‌ڕه‌ی مرۆڤ و سروشت، تاكه‌ی درێژه ده‌كێشێت و لە رۆح دووری دەخاتەوە؟ ئایا مرۆڤ به دیوه ڕۆحیییهكهیەوه، هەنگاو دەنێت و ده‌توانێت لەگەڵ سروشت ببێته‌وه یه‌ك؟ ئه‌و یه‌كبوونه تاچه‌ند له ئێسته‌دا مرۆڤ ده‌رباز ده‌كات، له‌م قه‌یرانه‌ی كه ڕۆژ دوای ڕۆژ مرۆڤایه‌تی زیاتر له هه‌ڵدێر نزیك ده‌كاته‌وه؟
بیرۆكه‌ی كاره‌كه له‌سه‌ر دوو چیڕۆك و دوو ئاست به‌ره‌و پێشه‌وه ڕۆیشتووه، دواتر هه‌ردوو چیڕۆكه‌كه ده‌بنه‌وه به‌یه‌ك، له‌و یه‌كبوونه، دره‌وشانه‌وه ده‌بێته سیمبوڵێك، كه نووسه‌ر ویستوویه‌تی مژده‌ی ئاشتبوونه‌وه و گه‌ڕانه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ سرووشت و ئاوڕدانەوە لە ڕۆحێکی پەڕاگەندە به ئه‌رێنی بخاته ڕوو… تێگه‌یشتن و نێوه‌ندگیری له نێوان مه‌رگ و ژیان، یه‌كبوون و دیداری ڕۆحه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی یارییه‌كانی جه‌سته، به پاڵپشتی سروشت کارێکی ناوازەیە.