شکاندنی وێنەی قوربانیبوون
کەیفی چۆمانی
کتێبەکە چییە؟
ئەم کتێبە دەنگی کۆمەڵێک خانمی کوردە لە هەر چوارپارچەی کوردستان و تاراوگە کە لە چین و توێژی جیاجیاوە و هەریەکەیان لە گۆشەیەکی تایبەتی ژیانییەوە باسی ژیان و چیڕۆکی خۆیان دەکەن کە بەسەریان هاتووە و توشی بەربەست و ستەمی کۆمەڵایەتی و کولتووری و نەتەوەیی و سیاسی بوونەتەوە. لەم کتێبەدا، ئازایەتی، خۆڕاگری، بەئەمەکی و کارامەیی خانمی کوردت بۆ دەردەکەوێت، کە سەرەڕای ئەو هەموو ستەم و نادادی و ئازار و مەینەتی و تاوان و زیندانی و ئەشکەنجەدانەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بەڵام هێشتا دڵگەرمە بەجوانییەکانی ژیان، تێدەکۆشێت و لە هەر شوێنێکی ئەم دوونیا بگیرسێتەوە کۆڵنادات لەوەی کە خودی خۆی بسەلمێنێت.
کۆی مەبەستی کتێبەکە، جگە لە نیشاندانی بەرخۆدان و بەرەنگاری خانمەکان، چەقی سەرەکی بریتیە لەوەی کە کتێبەکە دژی ئەو ئامانجە بەرهەمهێنراوە کە خانمان وەکو قوربانییەکی ئەبەدی وێنادەکەن، چونکە ڕوونە کە کۆی گوتاری پیاوسالاری و کۆمەڵگە و پارتە سیاسییەکان لەسەر ئەو بڕوایە کاردەکەن کە خانمی کورد قوربانییەکی ئەبەدییە و زەعیفەیە و کەم ئەقڵە، نەک وەک مرۆڤێکێ کۆمەڵایەتی و بوونێکی تەواو مامەڵەی لەگەڵ بکەن. لە زۆربەی چیڕۆکەکاندا، کاتێ دەیانخوێنیتەوە، هەست بەوە ناکەیت کە گێڕەرەوەکان باسی ئەوە بکەن کە بوونەتە قوربانی دەستی ئەم ستەم و نادادییەی کە بەسەریان هاتووە، وێنەی ژنێک نابینیت کە خۆی بە بێدەسەڵات نیشانبدات و چاوەڕێی دەستی ئەوانی تر بێت، بەڵکو وێنەی خانمێک دەبینی کە دژی قوربانی بوونە، لە هەوڵی هەڵسانەوەدایە و بەرەنگاری دەکات.
کتێبەکە چۆن داڕێژراوە؟
کتێبەکە پێکدێت لە ٢٤ چیرۆک و ئەم چیڕۆکانە بەپێی جۆرێتی جیاکراونەتەوە و دابەشکراون بۆ شەش بەش: بەشی یەکەم تایبەتە بەو چیڕۆکانەی کە خانمەکان تێیدا چیڕۆکی بەرەنگاربوونەوە دژی ستەم و فاشیزم دەگێڕنەوە. بەشی دووەم چیڕۆکی ئەو خانمانە دەگێڕێتەوە کە لە ناو جەنگدا خەباتیان کردووە. بەشی سێیەم باسی ئەو نەهامەتیانە دەکات کە خانمێک وەکو مرۆڤێک توشی دەبێت تەنها لەبەر ئەوەی کە کوردە. بەشی چوارەم باسی چیڕۆکی ئەو خانمانە دەکات کە هونەر و نووسین بووەتە هۆی ڕێگەیەک بۆ نووسینەوەی ئازارەکانیان. بەشی پێنجەم چیڕۆکی ئەم خانمانە دەگێڕێتەوە کە وجوودی خۆیان لەناو چالاکی و خەباتێکی دووروودرێژی بەردەوام لە دژی ستەم دەبیننەوە. بەشی شەشەم بە چەند چیڕۆکێکی زۆر ئاشنا، چیڕۆکی چەند خانمێک کە چۆن کولتوورە خێڵەکییە دواکەوتووەکان دەبنە هۆی ئەوەی ئازارێکی ئەبەدی لە ڕۆحی ژنەکاندا درووستبکەن، بەجۆرێک، کە تا ئەبەد نەتوانن خۆیان دەرباز بکەن لەم ئازارە.
بۆچوونی من لەسەر کتێبەکە
کە پیرەمێرد دەیگوت، (تا ئێستا ڕووی نەداوە لە تاریخی میللەتا ٠٠٠٠قەڵغانی گولـلە، سنگی کچان بێ لە هەڵمەتا)، من نەمدەتوانی ئەندێشەی ئەمە بکەم کە خانمان سینگی خۆیان بکەنە قەڵغان، لەمە تێنەدەگەیشتم کە ئەم شیعرەم بەر گوێ دەکەوت بەڵام کە ئەم کتێبەم خوێندەوە، ئینجا لەم شیعرە تێگەیشتم کە مەبەستی پیرەمێرد چییە. . یەکێکە لە جوانترین ئەو کتێبانەی کە تا ئێستا خوێندوومەتەوە. کتێبەکە باسی چیڕۆکی ڕاستەقینەی بەرەنگاربوونەوە و بەرگریگرن و بەرخۆدان و قوربانیدان و ئازایەتی خانمانی کورد دەکات لە هەر چوارپارچەی کوردستان. تەواوی چیڕۆکەکان ڕاستەقینەن و بەدەستی خودی خانمەکان نووسراون یان بە گێڕانەوەی ئەوان نووسراونەتەوە.
بە بڕوای من، چیڕۆکەکانی ئەم کتێبە گەر بکرێنە فیلم، نەک کەمتر نین، بەڵکو گەلەک مەزنتر و جوانتر و خەمهێنەرترن لەو فیلمانەی کە لەسەر چەوساندنەوە و بەرخۆدان و قوربانیدان و خۆڕاگری بەرهەمهێنراون. . پێشنیار دەکەم چیڕۆکەکانی ئەم کتێبە نەک هەر بخوێنرێتەوە، بەڵکو کاریان لەسەر بکرێ و فیلم و دۆکیۆمێنتاریان لەسەر بەرهەمبهێنێت، نیشانی جیهان بدرێن، تەنانەت بخرێتە مەنهەجی خوێندنەوە و چیڕۆکەکانی بە گوێی نەوەی تازەدا بدرێن کە چ دەگوزەرێ و گوزەراوە لە ڕابردوو و ئێستادا، وە نیشانبدرێ کە خانمانی کورد چۆن وەکو شاخ دژی تۆفانی ستەمکاران دەوەستنەوە و وەستاونەتەوە و بەرگری دەکەن، بەجۆرێک کە پیاو لە ئاستی ئەم بەرگرییەدا دۆشدادەمێنێ. شتێکی ئەم کتێبە کە لە ڕاددەبەدەر بەدڵم بوو، ئەوەیە کە مەبەست لە گێڕانەوەی چیڕۆک و خەم و ئازار و بەرخۆدانی خانمەکاندا، ئەوە نییە کە وێنەی خانمەکان بە قوربانی نیشان بدات، بەڵکو، کە چیڕۆکەکان دەخوێنیتەوە، هەست بە وجوودی خانمێک دەکەیت کە پڕە لە جوانبینی، ئازایەتی، نەبەردی، مکوڕبوون، خۆڕاگری و بەرخۆدان، نەک کەسێکی لاواز و قوربانی و بێ دەسەڵاتێک کە چاوەڕێی ڕزگارکەرێکە.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
کتێب: خودنووسینەوەی ژنان
ئامادەکردن: هۆزان مەحمود
بابەت: گێڕانەوە
ژ. لاپەڕە: ٣٠٤
بڵاوکراوەکانی وەشانی نووسیار