خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی: ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم
بەختیار فاروق
بەگشتی ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە غەمناک و پڕسوێیە،لەڕووی زمانەوە تابڵێی بەزمانێکی پاراو و بێ گرێی و گۆڵ نوسراوە،لەڕووی تەکنیکەوە بەشێوەی پەڕەگرافە،کەئەمەش بۆ خوێنەر خۆشترە چونکه پشوو بەخوێنەر دەدات.
هەندێ کتێب هەیە لەپاش خوێندنەوەش بۆ ماوەیەکی درێژ کاردانەوەی لەسەر خوێنەر بەجێدەهێڵێ بۆ ئەمەش نموونەمان زۆرە وەکو کتێبی تەیمووری عارف قوربانی و ڕومانی دێو بەهمەن و مازیاری شەنگالی و چەندانی تر کەهەموویان ناوەڕۆکەکەیان باسکردنە لە سەردەمێکی تاریکی ئەم گەلە، بەهەمان شێوەی ئەوانە ئەم ڕۆمانەش پەردەهەڵماڵینە لەسەر چەند لایەنێکی تاریکی مرۆڤی کورد کە ئەگەر چی بەشێکی لەلایەن بێگانەوە بووە، بەڵام دەکرێ بڵێین ئەوەی لەلایەن دەستەڵاتی کوردی خۆشی ئەنجامدراوە کەمتر نییە لەهی دوژمن ئەگەر زیاتریش نەبێ.
ناوەڕۆکی ئەم ڕۆمانە باسکردنە لەکێشەو دەردەسەریەکانی خێزانێکی کورد
دواندنی سەفین دواندنی کەسێکی مەزڵومەو گوزەرکردنە بەناو ژوورە تاریکەکانی ناخی ئەو کەسە ، هاوکات سامپڵێکە لەژیانی چەندان کەسی تری هاوشێوەی سەفین.
سەفین لەخێزانێکی چوار کەسییە،خۆی و سەدای خوشکی و دایک و باوکی، دەکرێ بڵێین تا پەڕەگرافی٢٧ باس کردنە لەخراپی ژیانی ئەو خێزانە بەدەست نەخۆشییەکەی سەدای خوشکی سەفین،کە نەخۆشییەکەشی ئەوەیە یان پێدەکەنێ یان دەگری یان دەقیژێنێت، ڕەنگە نوسەر نەخۆشییەکەی سەدای وەکو نموونەیەک لەهەر خێزانێکی کورد وەرگرتبێت،ئاخر هەموومان دەزانین ئەو بارودۆخه خراپەی سیاسی و دارایی و کۆمەڵایەتییەی بەسەر ئەم گەڵە مەزڵومە هاتووە،کەم کەم تاکی کورد هەبووە بەزیادەڕۆییەوە هەڵگری یەکێک لەم سێ سیفەتە نەبووبێ،نەخۆشییەکەی سەدا ژیانی ئەو خێزانەی تەواو وێرانکردووە.
لەدوایی بەشی ٢٧ ڕۆمانەکە ئاقارێکی تر وەردەگرێت کە دیوە سیاسیێەکەیە.
سلیمی باوکی سەفین لەوکاتەی تۆی بەرگری و مقاوەمەت لە مێشکی چەکەرەدەکات ژیانی ئەو خێزانە تاڵتر دەبێت، باوکی سەفین لەڕێکخستنەکانی شارە،چەندین چالاکی مەترسی مەترسیدار ئەنجامدەدات،هەر لەنووسینی بڵاوکراوەکانی سەردیوار هەتا دەگاتە ناردنی هەڕەشە لەپیاوانی بەعس و پاشان هەوڵدان بۆ هێنانی ئامێرێکی چاپکردو پاشان پەیوەندیکرن بە شاخەوەو دواتر لەگەڵ دوو هاوڕێی تر بەمەبەستی چالاکییەک کە کوشتنی جێگری پارێزگارە دەگەڕێنەوە شار بەڵام ئاشکرا دەبن و هەرسێکیان شەهید دەکرێن.کوڕی یەکێ لەو شەهیدانە ناوی کاروان حەمە سۆفی یە،[نازانم تاچەند ئیلهامی ئەم ناوە پەیوەندی بە سەرداری سەعید سۆفی هەیە،کە ئەویش لەگەڵ دوو هاوڕێی تری بەناوەکانی بەختیار و یوسف ڕۆژگارێک لەم هەولێرە هەوڵی کوشتنی پارێزگاریان دا، ئەمە نوسەر خۆی دەزانێ].
پاش شەهیدکردنی باوکی سەفین ڕەشەبای نەهامەتی و نەگبەتی زیاتر هەڵدەکات بۆ سەر ژیانی ئەو خێزانە،ئاخر ئەوەی لەو سەردەمە ژیابێ دەزانێ کوردستان ئەوکات لەچ قەیرانێکی قوڵی ئابووری و کۆمەڵایەتی دابوو،ئەمە بۆ خێزانێکی هەژار و بێ باوک ئاستەمتر بوو.
چەند ڕووداوێکی کارەساتباری تر دەبنە پێکهێنەری ڕۆمانەکە
بەتایبەت جێهێشتنی سەدای خوشکیان لەکاتی کۆڕەوەکەو سپاردنی بەمەرگ و پاشان سوتانی ماڵی سەفین لەلایەن کۆنە هاوڕێیەکی باوکی بەناوی شەماڵ وەلی بەمەبەستی ونبوونی بەڵگەنامەکان، کاکتەری شەماڵ وەلی ڕەنگە تا ئەمڕۆش بەرجەستەکراوبێ کەسانی وا زۆرن کە هەموو پیرۆزیەک دەخەنە ژێر پێ بۆ مەبەستێکی گڵاو،ئەوەتا ئێستاشی لەگەڵدابێ زۆرجار سوتانی شوێنەکان لای خەڵکی خەڵکی گومان دروستدەکات که ڕەنگە بۆ مەبەستی ونبوونی بەڵگەنامە و حسابات بێ.
دواتر سەفین و دایکی بەکولەمەرگی درێژە بەژیان دەدە لەڕێی چەندان پیشەی قوڕس و جۆراوجۆر، تا ئەوکاتەی خوێنەر لەچەند دێرێک مووچرک بەجەستەی دادێت کەئەویش مردنی دایکی سەفینە،کە خەمێکی قوڵ لای خوێنەر دروستدەکات.
بەم شێوەیە قەدەری سەفین پڕە لەڕووداوی ناخۆش چ پێش ڕاپەڕین چ دوای ڕاپەڕین ئەو کاتەی ئامانجی شۆڕش و ڕاپەڕین لەلایەن هەندێ کەس بەلاڕێدادەبرێ و بەرەو ئاقارێکی تر دەچێت کە لەسەردەمێکدا چەندان گرووپ دەستەو تاقم هەڵتۆقین و ئامانجیان بووە دزی و تاڵنکردن و فەرهوودی دار و بەردی ئەم وڵاتە هەر لە تەل و عاموود و سەرەمەنهۆڵ بگرە ت دەگاتە ئامێرە زەبەلاحەکانی بەنداو و کارگەکان.
ئەم ڕۆمانە لەسەرەتاوە باس لەدیوێکی سایکۆلۆژیش دەکات ئەویش شکانەوە و جوێن بارانکردنی سەفینە لەلایەن مامۆستا و هاوڕێکانییەوە تەنها لەبەر ئەوەی پرچی درێژبووە کەئەمەش حەزێکی باوکی بووە،لێرەوە وانەیەکە پێما دەڵێ حەزەکان نابێ زاڵبن بەسەر ژیانی منداڵەکان و لەلایەکی تریش زەنگێکە بۆ ئێمەی مامۆستا کە هەر وشەیەک کەلەزار دێتە دەرەوە ڕەنگە بەجۆرێک لەجۆرەکا چارەنووسی قوتابیەک بگۆڕێت.
ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە کە سەرسامم بەهاوڕێم مامۆستا ئارام، ڕەنگە جۆرێک لەئیرەیش بێ کەئەو فەرهەنگە پان و پۆڕە لەمێشکی ئەو گەنجە لەکوێ هاتووە!
یاری کردن بەوشە و نوسینی ڕستەی تەلیسماوی کەهەڵگڕی واتایەکی بەرزی فەلسەفین وەکو مەلێک بەئاشکرا لەئاسمانی ئەو ڕۆمانە دەسوڕێنەوە،خۆم زیاتر خوێنەری ڕۆمانی بیانیم بەڵام ئەو ڕۆمانە وەکو ئاشتکردنەوەیەکە بۆمن بەڕۆمانی کوردی و هەستمکرد قەڵەمی کاکە ئارام هەمان قەڵەمی محمد موکرییە لەزۆر ڕووەوە.لەلایەکی تر لێکچونێک هەیە لەلایەن کاک ئارام و ئارسەر ڕامبۆی شاعیر کە هەردووکیان لەتەمەنی گەنجی بەڵام خاوەن بەهرەیەکی گەورەیی ئەدەبی.
تاکە تێبینی کەهەمبوو لەو ڕۆمانە تەنها دیزاین و شێوەی بەرگی ڕۆمانەکە بوو،کەدەکرا جوانتربێت.
دووبارە دەستخۆشیم بۆ نوسەری ڕۆمانەکە کە منی بۆ چەند ساتێک گەڕاندەوە بۆ زەمەنێکی دیاریکراو و دووری خستمەوە لەسۆشیال میدیا و هەواڵە ناخۆشەکانی ڕۆژ و سوپاس بۆ هاوڕێی ئازیزم مامۆستا کاروان حەسەن کە پێشنیازی خوێندنەوەی ئەو ڕۆمانەی بۆ کردم.