ژیانی خۆت لەگەڵ ئەوانی تر بەراورد مەکە
رێکەفت جەلال
ڕۆژانە ١٠ بۆ ٢٠ کتێب لە هەولێر و سلێمانی چاپ دەبن، ئایا ئەم هەموو کتێبە شایەنی ئەوەن کە خوێنەر خۆی بۆ تەرخان بکات؟! بێگومان نەخێر..
لەبەر ئەوەی زۆربەی ئەم کتێبانە بازاڕین و جیدی نین، کتێبی: (دەرگای بەختەوەری ڕووی لە دەرەوەیە) یەکێکە لە جدیترین کتێبی ساڵی ٢٠٢٠ لە ناو کتێبخانەی کوردی دا. سۆران ئازاد پێشەکیەکی بۆ نووسیوە، کە ئەویش لەخویدا کتێبێکە، و بە قوڵی باس لە فەلسەفەی کیەکەگۆرد کردووە بە دەستخۆشیەوە.
ئەم کتێبە گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ ئێمە، چونکە لەبارەی ئەم فەیلەسوفە هیچ شتێکی جیدی نییە. لێرە ئالان پەری کە وەرگێڕ و ئامادەکاری کتێبەکەیە سێ ساڵ پێوەی خەریک بووە، هەتا گەیشتووە ئەم ئاستە و شتێک کە دڵی خوێنەر خوش دەکات ئەوەیە کە لە زمانی دانیمارکییەوە وەرگێڕانی بۆ کوردی بۆ کراوە کە دەبێتە زمانی سورن کیەکەگۆڕد خۆی.
من کە گەیشتمە دەروازەی چوارەم، دڵم نەدەهات بخوێنم و تەواو بێت، بەگشتی من ئەم کتێبە بە شێنەیی و وردییەوە دەخوێند، لەبەر ئەوەی حەزم نەدەکرد زوو تەواوی بکەم. زۆر شت هەبوون سەرەنجی منیان بۆ ئەم کتیبە ڕادەکێشا، لێرەدا تەنیا نمونەیەک دێنم لە لاپەری ١٣١ سەبارەت بوون و بوونگەرایی کیەکەگۆرد دەڵێت: ـ ”هەر کاتێک هەستم بە بوون کرد، هیچم نەدۆزیەوە. ئەو شتە چییە کە ناوی گەردوونە؟ کێ منی هێنایە سەر ئەم جیهانە و وا ئێستا من بە تەنیا جێ هشتووە؟ من کێم؟ چۆن هاتمە ئێرە؟ بۆ کەس پرسی پێ نەکردم؟.”
لەکوتایدا دەستی وەرگێڕەکەی خوش بێت هیوادارم بەردەوام بێت لە ئیشکردن لەسەر ئەم گەورە فەیلەسوفە.