ئەو شاعیرەی لیمۆ بە تاریکی لەت دەکات
وچانێکی کورت لە سەر کتێبی “شاعیرەکان” ی پایک مالینۆڤسکی
ئەرسەلان چەڵەبی
ئەوڕۆکە خوێنەری چالاک و ژیری شیعر زۆر باش دەزانێ کە شیعر بە گشتی لە ئاستی جیهان دا بە چ قۆناغێک دا تێدەپەڕێ، شەپۆلە یەک لە دوای یەکەکانی مێژووی ئەدەبیات هەر جارەی لە سۆنگەیەکەوە چاویان لە دەق کردووە. لەو ناوەشدا شیعر زۆرتر لە هەمووان بۆتە مەیدانی ئەو تاقیکاریانە، رەنگە گرینگترین هۆکار بۆ ئەوەش بەربڵاوبوون و بەهێزبوونی زمانە لە شیعر دا. واتە زمان لە شیعر دا زۆرتر رێگەی دەربازبوونی لە چوارچێوەکان هەیە و شاعیر بە حەزی خۆی و بە پێی دەسەڵاتی خۆی بە سەر زمان دا گەمەی پێدەکا و هەر جارەی لایەنێکی ئەو جیهانە بینا دەکات و دەیبینێتەوە. لە لایەکی تریشەوە وەک “تێری ئیگێلتۆن” (Terry Eagelton) ناودارترین رەخنەگر و تێئۆریسییەنی هاوچەرخی بریتانیایی دەڵێ: “شیعر بەردەوام بۆ تێۆری دژوارترین ئەزموونی پێک هێناوە، ئەو بژاردە قورس و قایم و هەمە چەشنەش نیشان دەدا کە بە راستی ئاکامی رووبەڕوو بوونەوەی ئەو دوو مژارە چەندە پڕ بەرهەم بووە”.
ئەو ماوەیە هاوڕیی ئازیز کاک ئالان پەری کتێبە شیعرییەکی دانماڕکی وەرگێڕابۆوە سەر زمانی کوردی و بۆی ناردم هەتا بیخوێنمەوە، لە پاش چەند جار خوێندنەوەی هەر جارەی بە جۆرێک چێژم لەو کتێبە وەرگرت. یەکەم رستەی کتێبەکە ئەوەیە: ” ئەو شاعیرانەی عاشقن” هەر لە سەرەتاوە زەینی خوێنەر ئامادە دەکا بۆ رووداوەکانی دوای ئەو، کە شاعیر چی دەکا و لە راستیدا شاعیر چ جۆرە بوونەوەرێکە؟ شاعیر هەموو دەم لە هەوڵی ئەوە دابووە کە ئیحساسی مرۆڤی سەردەمی خۆی بە جۆرێکی نوێ و بە پێی سەردەمی خۆی بنووسێتەوە، زۆر جاریش شاعیر زۆر خۆی بە کۆمەڵگە و ئەوەی لە تەنیشتییەوە روو دەدا ماندوو نەکردووە و خەریکی نووسینیەوەی خۆی و جیهانی چێکراوی زەینی خۆی بووە، بۆیە پێدەچێ ئەوجارەیان پایکی شاعیر تەنیا سەرقاڵی دەڕبرینی ئێحساسی مرۆڤی شاعیرە و بەس، بەڵام بە کۆمەڵێک جیاوازی زۆرەوە.
دەبێ جیاوازی مرۆڤی شاعیر لە گەڵ مرۆڤێکی ئاسایی چ بێت و ئەو چۆناوچۆن بۆ ژیان بڕوانێ؟ چۆناوچۆن دەخەوێ و دەخوا و پێیاسە دەکا، چۆناوچۆن عاشق دەبێت و هتد؟ شیعر چۆن دەنووسێ و پێوەرەکانی بۆ شیعری باش و جیاواز چۆنە؟ دەڵیی ئەو کتێبە پێمان دەڵێ کە لە راستیدا ئێستا ئیتر چوارچێوەیەکی ئەوتۆ بۆ شیعر بوونی نەماوە، تەنیا شتیک کە دەتوانین لە ئێستا دا لەنگەری لە سەر بگرین دەربڕینە، واتە شاعیر چۆن هەست و پەیامی خۆی دەردەبڕێ؟ ئەو دەربڕینە جیاوازە چۆناوچۆنە کە خۆی لە شیعرەکانی تر جیا دەکاتەوە؟
پایک مالینۆڤسکی شاعیر و نووسەرێکی گەنجی دانماڕکییە و لە ساڵی 2016ی زایینی ئەو کتێبە شیعرییەی بڵاو کردووەتەوە بە ناوی “شاعیرەکان” وەک خۆی لە وتوێژێکدا کە لەگەڵ رۆژنامەی “ئەنفۆڕماسیون” دا کردوویەتی چوار ساڵ بە نووسینی ئەو کتێبەوە سەرقاڵ بووە. کتێبەکە دەنگدانەوەی باشی بووە، پایک لەو کتێبە شیعرییە دا تەنیا باس لە شیعر و شاعیر دەکا. هەڵبەت نەک وەکوو پێشوو، دیارە بەر لەویش دەقی هاوشێوە بڵاو بووەتەوە و شاعیر جار جار لە شیعرێکدا خۆی لە قەرەی ژینگەی شاعیر و چۆنییەتی بیرکردنەوە داوە. بەڵام پایک چی کون و کەلەبەری شاعیرە دەیهێنێتە بەر باس. وەک باوە شاعیران هەموو کات خۆیان لە دەرەوەی کۆمەڵگە پێناسە کردۆتەوە، جار جارەش بە پێی حەز و خولیای خۆیان هاتوونەتە ناو جەرگەی ئەو کۆمەڵگەیە و دەق و هزر و روانینی خۆیان بە گوێێ بەردەنگ و کۆمەڵگە دا چرپاندووە. کە کتێبەکەی پایک دەخوێنییەوە دەڵێی لەوێدا رێک باسی ئەو تەریک کەوتنەوەی شاعیر دەکات کە لەو کات و ساتانە دا خەریکی چییە و بە چییەوە سەرقاڵە و چی بە دەمەوەیە؟
پایک مالینۆڤسکی لە وتوێژەکە دا ئاماژە بەوەش دەکا کە رەنگە ئەوە کتێبێکی شیعری نەبێت و هێندەش شاعیرانە نەبێت، دیارە مەبەستی پایک لەو وتەیە پێناسەی باوە لە سەر شیعر، کە ئایا خوێنەر لە ناو شیعرێکدا تەنیا بە شوێن چەند دیمەنی جوان و چەند وتەی ئێحساسییەوەیە و ئیتر هیچی تر؟ بە دڵنیاییەوە ئەو کتێبە شیعرە و لە راستیشدا دەقێکی زۆر شاعیرانەیە بەو پێیەی خوێنەری ئەمڕۆ هەتا چەندە روانینی بۆ شیعر بەربڵاوە و هەتا چەندە شیعر و ژینگەی شیعری لەو سەردەمە دا ناسیبێ.
ئەوانە کۆمەڵێک لە هەناسەکانی ئەو کتێبە شیعرییەن کە دەرم هێناون هەتا وتەکانم زۆرتر روون ببێتەوە: “ ئەو شاعیرانەی لیمۆ بە تاریکی لەت دەکەن” _ “ قەشەکە بە خانمەشاعیرەکەی گووت، خوا لە نێو ئامێری تایپەکەتدایە” _ “ ئەو شاعیرەی تەپڵەکی جگەرە لە چێشتخانەکان دەدزێت” _ “ ئەو شاعیرەی بە دەگمەن لە بڕیارێک پەشیمان دەبێتەوە، بەڵام لەو بڕیارانە پەشیمان دەبێتە کە هێشتا بڕیار نەدراون” _ “ ئازارەکانی شاعیر دەخرێنە سەر USB فلاشێک” _ “ شاعیر کەسێکە پڕە لەژیان, بە گریان و چڵم داپۆشراوە” _ “ ئەو شاعیرەی پێی وایە کە ڕاستیی دبێت گوێی لێبگیرێت، نەک لە منداڵ و سەرخۆشەکان، بەڵکو لە گارسۆن و شۆفیری بارهەڵگرەکان” . لە راستیدا شیعر تەنیا ژانڕێکی ئەدەبی نییە بەو پێناسەگەلەی لە کۆنەوە بۆی کراوە، دەکرێ بڵێین شیعر جۆرێکە لە ژیان، مرۆڤی شاعیریش کە لەو ژینگەیە دا ژیانی بە سەر برد هەموو ئەو دیمەنە سەیر و سەمەرە و تەنانەت هەندێ جار سووریالەش تاقی دەکاتەوە و لە ناویدا دەژیت. هەموو ئەو دیمەنە سەیر و سەمەرە و سوریالانەش دەتوانن لە کتێبەکەی پایک دا ببینن و بیخوێننەوە.
لە یادداشتێکی ئاوەها کورتیش دا لەوە زیاتر مەجال نییە کە بە تێر و تەسەلی لە سەری بدوێم، لە کۆتاییدا دەستی کاک ئالان پەری،ی شاعیر و وەرگێر خۆش بێت کە ئەو کتێبە بە نرخەی وەرگێڕاوە و هیوادارم کارێکی ئەوتۆ بکاتە سەر خوێنەر بە گشتی و شاعیرانمان بە تایبەتی!