گەردووننامە،کتێبێکی تەسەل
ئیسماعیل غەمبار
کاکە پێشەوا کاکەیی، پەڕتووکەکەتم خوێندەوە «گەردووننامە» بە دڵ و بە گیان سەرنجم تێیدا هێنایە کار و لە دوو شوێندا شتی زۆر جوانم بینی هەڵبەت هەمووی هەر جوان و پووختەیە، بەڵام دوو شێعرتان کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر سەرنجی من دانا،
یەکێکیان: شێعری شەونامەیە؛ کە جوانترین ڕستەکانی تێدا بە کار هاتوون، لە شێعری شەونامەدا، ئیشارە بە ڕاستیێکی حاشاهەڵنەگر کراوە ئەویش ئەوەیە کە زۆربەی هەرێ زۆری شاعیران و دەردەداران شەو بە تاریک دەبینن کە شەو لە واتای شێعرەکەی جەنابتاندا تاریک نییە وەکوو باسی لێوە دەکرێت.
باسی ئەوە کراوە کە دەرد و ناڕەحەتی و ناخۆشییەکان لە شەو ناچن، بەڵکوو تاڵن تاڵتر لە هێندێک لە شیرینییەکانی شەو؛
بۆ نموونە: شەو کاتێکە بۆ حەسانەوەی مرۆڤی ماندوو جا ئەو ماندووبوونە لە هەر بوارێکەوە بێت ئایا داخ و خەفەتی کار و پیشەیە یا سەروکەللە لێدان لەگەڵ مرۆڤە ناحاڵیەکان،
جا لێرەدا من ئاوا بۆ تێگەیشتن لە شێعرەکە دەچم کە بە ڕاستی شەو لە زۆر بوارەوە ڕووناکە و بنچینەی لەناوبردنی ژانەکانی ڕۆژە بۆ کەسانێک کە لە ماڵەوە خۆشەویستێکیان هەیە و دەتوانن لە باوەش و مێهری ئەو خۆشەویستەیاندا ژاناکانی ڕۆژ لە بیر بکەن، هەروەها خەو کە باشترین کەرەستەیە بو کەڵک وەرگرتن و حەسانەوەی دەردەدارەکان.
ئەوەی دیکەیان: خودانامەیە؛
کە ئەویش هەر زۆر شتی تێدا بەد دەکران کە مرۆڤەکان لە خواناسی و بوونی خوا ئاگادار دەکاتەوە.
بۆچوونی من لەسەر ئەو پەڕتووکەی جەنابتان ئەوەیە کە من بە کتێبێکی تەسەلی دەبینم و هەر بۆ من زۆر شتی تێدا بوون کە بەڕاستی بوونە مامۆستام و دەرسم لێ وەرگرتوون.
من وەکوو خوێنەرێکی ئاسایی هیچ ڕەخنەیێکم تێدا بەدی نەکردووە، بەڵکوو خودی کتێبەکەی جەنابت ڕەخنەگرێکی ڕق ئەستوورە لە نووسەران و شاعیران کە درۆ لەگەڵ وشەی شەودا نەکەن و بە تاریکی ناوی نەبەن، چوونکە ئەوە دڵی هێندێک لە شاعیرانە کە شەو بە تاریک دەبینن.
من بەش بەحاڵ خۆم دەستخۆشی خۆم ئاراستەی جەنابت دەکەم، هەروەها ماندوو نەبوونیتان پێ دەڵێم و پیرۆزبایی بە بۆنەی چاپ و بڵاو کردنەوەی ئەو کتێبە بە نرخەتان
هەزاران جار پیرۆز بێت بە هیوای کاری جوانتر و چاکتر لە داهاتووی ژیانتدا.