bo posty nwe

2021/09/28

خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەم ٢٠٢٠

نووسیار خانەیەکی سەربەخۆیە و ئامانجی گەیاندنی ڕۆشنبیری و ئیشکردنە لەسەر بەدەرخستنی ڕۆشنبیری و دیدی جیاواز، ئه‌مساڵ له‌ چوارچێوه‌ی كاره‌كانیدا خولی یەکەمی خەڵاتی نووسیاری بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بە ناونیشانی ”محەمەد عومەر عوسمان – ژەنەڕاڵی پایز” سه‌رپێخست و تێیدا بە شێوازێکی سەردەمییانە سێ براوه‌ی هه‌ریه‌ك له‌ بواره‌كانی شیعر، ڕۆمان و كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی دیاریكرد. هاوكات لە به‌رواری ١٥\١٠\٢٠٢٠ له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا كتێبی هه‌رسێ براوه‌كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی نووسه‌ر و دادوه‌رانیان به‌ چاپ گه‌یه‌ندرا.

ماڵپەڕی کلتووریی دیدی من سپۆنسەری میدیایی خەڵاتی نووسیار و ڕێوڕه‌سمی بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبه‌كانی بۆ خولی ئه‌مساڵ كرد و به‌شێوه‌ی نووسراو، بینراو و بیستراو كاری له‌سه‌ر ڕووماڵكردنی تەواوی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ كرد.

بواری شیعر

کۆمەڵە شیعری ”شقارتە” براوەی خەڵاتی نووسیار بوو بۆ کتێبی یەکەم له‌ بواری شیعردا.  نەورەس محەمەد نووسه‌ری كۆمه‌ڵه‌ شیعره‌كه‌یه‌و له‌باره‌ی بردنەوەی خەڵاتەكه‌وه‌ ده‌ڵێت “دڵخۆش بووم بە بردنەوەی خه‌ڵاته‌كه‌. کە بەشداری پێشبڕکێیەکەم کرد، بیرم لەوە دەکردەوە ئەگەر یەکەم ئەزموونم لە لایەن کەسی شارەزا و بە ئەزموونەوە بخوێندرێتەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ، بێ ئەوەی بزاندرێ کێم، بێ ئەوەی ڕەگەزم، تەمەنم، یاخود لە چ چینێکی کۆمەڵایەتیم بزانرێت.. ئەوکات ئاسوودەتر و دڵنیاتر دەتوانم بنوسم، ئەوکات خوێنەرانیش لەو بیرکردنەوە و تێڕوانینە ڕزگاریان دەبێ کە نەورەس کچە بۆیە دەخوێندرێتەوە. هەرچەندە ئەو بردنەوەیە مانای ئەوە نییە کە تەواو گەیشتوومەتە ئاستێک و پێویستم بە خوێندنەوە و ئەزموونی دیکە نییە، نا بەڵکو بەرپرسیارەتی زیاترم دەکەوێتە سەرشان. ئەگەر شقارتە خەڵاتیشی نەبردبا ئەوکات دەبوومە کەسێکی پێداگر، نەبردنەوە پاڵنەرێکی بەهێز دەبوو تا ئەزموونی زیاتر و نوێتر تاقیبکەمەوە .”

هەروەها لە بارەی کۆمەڵە شیعری شقارتە وتی “لە شقارتەدا هەوڵمداوە وێنەی ئەو ڕێگا و ئازار و بەربەستانە بهێنمە نێو زمانەوە کە دەکرێ هەر مرۆڤیک لە ژیانیدا ڕووبەڕووی ببێتەوە کە خەون دەبینێ، ئایا کۆمەڵگە و داب و نەریت بۆچی لەنێو خۆیدا لولمان دەدا و کۆت و بەندمان دەکا؟ بۆچی نوکی زمانیان لە ئێسکەکانمان دەخشێنن؟ شقارتە بیرهێنانەوە مرۆڤبوونە، پێش ئەوەی ڕەگەزێک بێت، هەر شیعرە و ئازارێکی قوڵی لەخۆیدا هەڵگرتووە، ئازار و ئیستاتیکا لە شقارتەدا یەکدەگرن و ململانێی نێوان من و ئەوان دەکات.”

نەورەس محەمەد: لە دایکبوی شاری هەولێره‌ لە ساڵی ١٩٩٧ . خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە زمانی کوردیدا. شیعرەکانی خۆی لە چەندین ماڵپەڕی شیعری و کەلتووری بڵاوکردۆتەوە. هەروەها بەشداری زۆربەی کۆڕی شیعری شاری هەولێری کردووە.

ساڤان عه‌بدولڕه‌حمان، سه‌رنووسه‌ری ماڵپه‌ڕی كلتووریی دیدی من به‌ نوێنه‌ری ئه‌حمه‌دی مه‌لا، خه‌ڵاتی نووسیاری به‌خشی به‌ نه‌وڕه‌س محه‌مه‌د

بواری ڕۆمان

ڕۆمانی “بەرەو ڕێگەی درەوشانەوە” براوەی خەڵاتی نووسیار بوو بۆ کتێبی یەکەم له‌ بواری ڕۆماندا. کیاکسار ئەحمەد نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌یه‌ و له‌باره‌ی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاته‌ژكه‌ ده‌ڵێت ” کاتێک ناوی خۆم بینی لە ناو براوەکانی خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەم لەلایەن وەشانی نووسیار، زۆر دڵخۆش بووم. خەڵاتەکە جگە لەوەی لە کاتێکی زۆر باشدا ھات ھاوکات وزەی ھاندان و بەردەوامی تێدا زیاتر کردم. ئیتر بە گرنگییەوە لە تێکستە تەواو نەکراوەکانم دەڕوانم. کاردانەوەکان زۆر بوون،  زۆر پیرۆزباییان لێکردم. نامەی زۆرم بۆ ھات کە پر بوو لە خۆشەویستی و جوانی. ئەوەش بۆ من هەموو شتێکە.”

هەروەها لە بارەی ڕۆمانی بەرەو ڕێگەی درەوشانەوە وتی: ”ھەوڵمداوە بە یەک زمان و بە یەک تەکنیک ئیشی تێدانەکەم، لەبەرئەوەی ئەوە ئازادی زیاتری پێ دەبەخشیم. لەبەر ئەوەی زمان بەپێی چیرۆک و گێڕانەوەکان دۆخی جێگیری خۆیان لە دەست دەدەن. لە ھەندێ شوێن ھەموو شتێک لە خزمەت زماندایە، لە ھەندێ شوێنیتر لە خزمەت گێرانەوە، لە ھەندێ شوێنیتر تەکنیک. بەھیوام زۆرترین کەس بیخوێننەوە.”

کیاکسار ئەحمەد: لە دایکبوی شاری سلێمانی لە ساڵی ١٩٨٦ چەندین چیرۆکی گێڕانەوەی لە سایتە کەلتورییەکان بڵاوکردۆتەوە. کاری ئامادەکردن و دەرهێننانی بەرنامەی دیکۆمێناتری کردووە.

ئارام محه‌مه‌د، دادوه‌ری هه‌ڵسه‌نگێنه‌ری بواری ڕۆمان، خه‌ڵاتی نووسیاری به‌خشی به‌ كیاكسار ئه‌حمه‌د

براوه‌ی چیرۆك

کۆمەڵە چیرۆکی “ژاوەژاو “براوەی خەڵاتی نووسیار بوو بۆ کتێبی یەکەم له‌ بواری چیرۆکدا و جێگر به‌ختیار نووسه‌ری كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكه‌كه‌ ده‌ڵێت “بردنه‌وه‌ی خەڵاتی نووسیار خۆشترین و باشترین ڕووداوی ژیانم بوو. چێژی ئەو سەرکەوتنە تەواوی ڕووداوە ناخۆشەکانی ئەمساڵی لەبیر بردمەوه‌”

هه‌روه‌ها وتیشی “چاپکردن و بڵاوکردنەوەی یەکەم کتێب بۆ ھەر نووسەرێکی لاو کارێکی دژوار و تاقەت پڕوکێنە. کاتێک لە پێشبڕکێیەکی وا براوە دەبیت تێدەگەیت ھێشتا ھیوا ھەیە تا ھەنگاو بنێیت بەرەو باڵاتر. ھێشتا کەسانێک ھەن پشتت بگرن و  ھانت بدەن تاکو سەرکەوتن بەدەست بھێنیت. ئەو خەڵاتە وەکو ڕێژنەیەک بەسەرم داباری ھێزی بەردەوام بوونی لەناخمدا زیندوو کردەوە. بەرھەمی ھەرنووسەرێک وەک کۆرپەلەی خۆشەویستە لەلای. خەڵاتی نووسیار مژدەی لەدایکبوونی نۆبەرەی من بوو.

هەروەها لە بارەی کۆمەڵە چیرۆکی ژاوەژاو وتی: ”کۆمەڵە چیرۆکی ژاوەژاو  بەرھەمی سێ ساڵ نووسینمە کە پێکھاتووە لە دوانزە چیرۆک. بە سووژە و تەکنیک و فۆڕمی جیا نووسراون. ھەڵقوڵاوی ئەندێشە و ئازارەکانی کۆمەڵگان. میراتگری نەھامەتی و ناخۆشیەکانی ژیانن.”

جێگر بەختیار: لە دایکبوی قەزای شەقڵاوە لە ساڵی ١٩٩٤ ئێستا نیشتەجێی گوندی هرۆپ لە شارۆچکەی ڕانیە. خاوەنی بڕوانامەی دیبلۆمە لە بواری ئایتی. چیرۆکەکانی لە زۆربەی ماڵپەڕ و پاشکۆ کەلتوورییەکان بڵاوکردۆتەوە.

ڕه‌وف بێگه‌رد، دادوه‌ری هه‌ڵسه‌نگێنه‌ری بواری چیرۆك، خه‌ڵاتی نووسیار ده‌به‌خشێت به‌ جێگر به‌ختیار

 خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەم ٢٠٢٠، ساڵی یەکەم ٢٠٢٠ خولی (محەمەد عومەر عوسمان – ژەنەڕاڵی پایز) ئەم خەڵاتە ساڵانە کتێبی یەکەمی سێ دەنگی نوێی ئەدەبی کوردی خەڵات دەکات لە بواری شیعر، چیرۆک و ڕۆمان. خەڵاتەکە بریتییە لە چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبە براوەکان، پێدانی بڕوانامەی نووسیار لەگەڵ دیاری پارچە سیرامیکی قەڵغانی نووسیار.

هه‌ر سێ براوه‌ی بواری “شیعر، چیرۆك و ڕۆمان”